لە چین بۆ یەکەمجار پرۆسەی رێککردنەوەی ددان بۆ پاندایەک بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا کە لە چارەسەری مرۆڤەوە وەرگیراوە.
ئاژانسی هەواڵی "شینخوا" ئاشکرایکرد، پسپۆڕان لە چین یەکەمین نەشتەرگەری و پرۆسەی رێککردنەوەی ددانیان بۆ ئاژەڵی پاندا ئەنجامدا، بە بەکارهێنانی تەکنیکێک کە لە پزیشکیی ددانی مرۆڤەوە وەرگیراوە.
پاندایەکی نێری زەبەلاح بە ناوی "بیکسیا" کە لە ساڵی 2022 لەدایکبووە، کەمێک دوای لەدایکبوونی تووشی پێکان لە شەویلکەیدا بووەتەوە، پسپۆڕان نیگەران بوون لەوەی ئەم پاندایە لە داهاتوودا تووشی کێشە ببێت لە جوینی داری خۆراکییەکەی 'حەیزەران'، کە ئەوەش مەترسییەکی جدی لەسەر ژیانی دروست کردبوو.
ئاژانسەکە رایگەیاندووە: "پسپۆڕانی چین سەرکەوتوو بوون لە چاککردنەوەی ناڕێکیی شەویلکەی خوارەوەی پاندایەکە، بە بەکارهێنانی رێکارەکانی رێککردنەوەی ددان کە لە چارەسەری مرۆڤەوە وەرگیراون."
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمە "یەکەمین پرۆسەی لەو شێوەیەیە کە بۆ ئەم جۆرە دەگمەنەی ئاژەڵان ئەنجام بدرێت."
پرۆسەی چارەسەرکردنەکە لەلایەن پسپۆڕانی سەنتەری "چێنگدو" بۆ توێژینەوە و بەخێوکردنی پاندا و نەخۆشخانەی رۆژئاوای چین بۆ پزیشکیی ددان ئەنجامدراوە.
ئاژانسی شینخوا ئەوەشی خستەڕوو، ئەم چارەسەرە بووە هۆی گەڕانەوەی توانای جوین و گەستنی ئاژەڵەکە بۆ باری سروشتیی خۆی.