دادگای دھۆک سزای شەش مانگ زیندانی بەسەر ھونەرمەندێکدا سەپاند
ئاکار
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ھونەرمەند (بڵند ئامێدی) ساڵی رابردوو ڤیدیۆیەکی ٣٠ چرکەیی بڵاوکردەوە کە تیایدا بە پارچە میوزیکێک پشتیوانی لە چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی بادینان دەردەبڕێت. وتیشی، بەھۆی بڵاوکردنەوەی ئەو پارچە ڤیدیۆوە، ھەفتەیەک پێش ئێستا دادگای دھۆک سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپاندووە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، بڵند ئامێدی پیشەی سەرتاشە و ساڵی رابردوو دوای بڵاوکردنەوەی ئەو پارچە میوزیکە دەستبەجێ ئاسایشی دھۆک ھەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە شاری دھۆک و دەستگیریانکرد و دوای ماوەیەک ئازاد کرا. ھەروەھا لە ساڵی رابردووەوە تائێستا چەند جارێک لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵداکردووە، لە دوایین جاریشدا کە دەستگیرکرا بەبێ دادگایی سێ مانگ لە ئاسایشی گشتی دھۆک زیندانی کرا و ئێستاش شەش مانگی تر سزای بەسەردا سەپێنراوە.