سبەی تەرمی شەھیدی فەرماندە ئاکام عومەر دەگاتەوە سلێمانی
کوردسات نیوز
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا نوێژی کردوو لەسەر تەرمی شەھیدی فەرماندە ئاکام عومەر کراو نوێژخوێنان بەڕێز و شکۆوە وەفادارییان بۆ رۆحی فەرماندە ئاکام عومەر نواندو نزایان بۆ کرد خوای گەورە بە بەھەشتی بەرینی شاد بکات.
بە پێی راگەیەنراوێکی نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، رۆژی شەممە سەعات٩.٣٠ی خولەکی بەیانی، تەرمی شەھیدی تێکۆشەر (ئاکام عومەر) فەرماندەی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە دەگاتە خاکی کوردستان و لە رێوڕەسمێکی شایستە و شکۆداردا پێشوازی لێدەکرێت.
پاشان بە شکۆوە بەرەو بارەگای ھێزەکانی کۆماندۆ بەڕێدەکرێت و دوای دواماڵئاوایی ھاوسەنگەرانی، تەرمی پیرۆزی بەرەو شاری ھەولێر بەڕێدەکرێت. پاش بەجێگەیاندنی رێوڕەسمە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، پاشنیوەڕۆی ھەمان رۆژ لە زێدی خۆی و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاک دەسپێردرێت.
فەرماندە ئاکام عومەر رۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ئۆپراسیۆنێکی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بۆ کێوماڵکردن پاشماوەکانی داعش لە دەوروبەری ناحیەی زنانە لە سنوری گەرمیان، بەھۆی تەقینەوەی بۆمب بە ئۆتۆمبێلەکەیدا بریندار بوو، دوای ٥٤ رۆژ لە برینداربوونی ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا، بەھۆی سەختی برینەکەیەوە شەھیدبوو.