٣٤ زانکۆ و گروپی گەنجان و کۆمەڵە و ئەنجومەنی کرێکاران لە راگەیەندراوێکی ھاوبەشدا، داوایان کردووە لە ١٩ی ئەم مانگە تا ٢١ی مانگ مانگرتنی گشتی رابگەیەندرێت. 

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیان خستووەتەڕوو، ئامانجی مانگرتنەکەیان بۆ فشارخستنە سەر لێپرسراوانی ئێرانە، بۆ راگرتنی بڕیاری لەسێدارەدان و دەستگیرکردن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، بە تایبەت کە بڕیاری لەسێدارەدان بەسەر دوو خۆپیشاندەردا جێبەجێ کراوە. داواشیان لە سەرجەم چین و توێژەکان کرد بە دەم بانگەوازەکەیانەوە بێن و ھەموو شارەکان بگرێتەوە.

ھەروەھا ئەنجومەنی رێکخستنی خۆپیشاندانەکان داوای لە کرێکارانی گرێبەستی نەوت کردووە، رۆژانی ٢٤ و ٢٥ و ٢٦ی ئەم مانگە مانگرتن رابگەیەنن.

٩٠ رۆژە خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە و بە پێی دوایین ئامارەکان، لانی کەم ٤١٦ کەس کوژراون کە ٥١ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە.