رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، چوار خوێندکاری تری کۆلێژی تەکنیکیی کچانی شاری سنە لە بەردەم دەرگای بەشی ناوخۆیی کۆلێژەکەیان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە رفێندراون، راشیگەیاندووە، رۆژی سێشەممە کچێکی تری تەمەن ٢٠ ساڵ کە خەڵکی شاری پاوەیە،  لە رەوتی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کۆلێژی تەکنیکیی کچانی شاری سنە، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رفێندراوە و تاکو ئێستا لەبارەی چارەنووس و شوێنی راگیران و ھەروەھا بارودۆخی تەندروستیی ئەو خوێندکارانەوە ھیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لەلایەکی ترەوە، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی شاری ئابدانانی سەر بە پارێزگای ئیلام بەناوی سۆنیا شەریفی، لەلایەن دادگای ئێرانەوە تۆمەتی دژایەتیکردنی خودای دراوەتەپاڵ، کە سزاکەی لەسێدارەدانە.

لای خۆیەوە، رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، سۆنیا دوای نزیکەی یەک مانگ بەدانانی بارمتە بە بەشێوەیەکی کاتی لەبەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کراوە.