قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی شەفافیەتی راگەیاند
لاڤە
١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
"قوباد تاڵەبانی" لە وەڵامی ریکلامی "تۆش بیزانە" کە لە شەقامەکانی سلێمانی ھەڵواسرابوو پڕۆژەی شەفافیەتی راگەیاند و وتی، لە ماڵپەری shafafiat.com رۆژانە سەرجەم داھاتە نانەوتییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەخرێنە بەرچاوی خەڵک.
وتیشی، سلێمانی وەک یەکەم پارێزگا لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق ھەنگاوی بە ئاڕاستەی شەفافیەت لە داھات دەنێت و ھاووڵاتی و میدیاکار و پەرلەمانتار و ئابوریناس دەتوانن لەڕێی ماڵپەڕەکەوە ئاگاداری داھاتی پارێزگاکە بن.
وتیشی، دەستیانکردووە بە ھەنگاوی دووەمی پڕۆژەکە کە سەرجەم خەرجییەکانی سلێمانی بەڕوونی بڵاودەکەنەوە و ھیوای خواست ئەو پڕۆژەیە لە ھەموو کوردستان جێبەجێبکرێت، وتیشی بە کردار نیشانی دەدەن سلێمانی لە دەستێکی ئەمیندایە و ھیچیان نییە لێی بترسن تا بیشارنەوە، ھەر کەسێک حسابی پاک بێت لە لێپرسینەوەی خەڵک ناترسێت.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، شەفافیەت کۆڵەکەی دروستبوونی متمانەی نێوان ھاووڵاتیان و دەسەڵاتە و زیاتر لە ساڵێکە تۆمەتی نەشیاو و نابەرپرس ئاڕاستەی سلێمانی دەکرێت.



