ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لە سێ ئۆپراسیۆندا کە مۆڵگە و حەشارگەکانی تیرۆریستان لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا کراونەتە ئامانج، ئەمیرێکی داعش و دوو تیرۆریستی دیکە دەستگیرکراون، کە بەرپرس بوون لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ شانە نوستووەکانی داعش، بۆ بە ئامانجکردنی گرتووخانەکان و کەمپی ھۆل.

ھەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەستگیرکردنی ئەو تیرۆریستانە ھاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی ھێرش و بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوا و باکور و خۆرھەڵاتی سوریا، کە بەھۆی ئەو ھێرشانەوە شانە نوستووەکانی داعش چالاکبوونەتەوە و ھەوڵیانداوە پەلاماری تیرۆریستی بۆ سەر دێرەزور و تەلحمس و ناوچەی تر ئەنجام بدەن.