مامۆستایەکی ئاینی لە شاری جوانڕۆ رفێندراوە
لاڤە
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ ھێزە ئەمنییەکانی ئێران ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستایەکی ئاینی بە ناوی "سەیفوڵا حوسێنی" لە شاری جوانڕۆ و بەشێوەیەکی دڕندانە رفاندویانە، بێڕێزیش بە ھاوسەرەکەی کراوە و دەستێکی شکێندراوە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
دوای بە دوای ئەوەش، ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە شەقامەکانی شاری جوانڕۆ جێگیرکراون و ھێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن کێشەیان بۆ دروستبووە و کەشێکی سەربازی بەسەر شارەکەدا سەپێندراوە.
ھاوکات زیاتر لە ھەزار کەس لەبەردەم بینای فەرماندەیی شاری جوانڕۆ کۆبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوای ئازادکردنی ئەو مامۆستایەیان کرد.
رفاندنی ئەومامۆستایە لە چوارچێوەی بەردەوامی ھەڵمەتەکانی رفاندن و دەستگیرکردنی ھاووڵاتیانە لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان، کە تائێستا چارەنووسی سەدان کەسیان نادیارە.



