لە کۆبانێ ١٩ خوێندنگە بەھۆی ھێرشەکانی تورکیاوە داخراون
لاڤە
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
دەستەی پەروەردە و خوێندن لە ھەرێمی فورات رایگەیاند، لە کۆی ٤٦١ خوێندنگە لە سنوری کۆبانێ، بەھۆی ھێرش و بۆردومان و تۆپبارانەکانی تورکیاوە، ١٩ خوێندنگە داخراون و بەھۆی بەردەوامی ئەو ھێرشانەوە ھەزاران خوێندکاریش لە کۆبانێ لە خوێندن بێبەشبوون.
زۆرینەی ئەو خوێندنگانە لە گوندەکانی سنوری کۆبانێن و دەستەی پەروەردەی ھەرێمی فوراتیش ھیچ وادەیەکی بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن دیارینەکردووە و جێگرەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندکارە دابڕاوەکان لە خوێندن نییە.
تورکیا لە رۆژی ٢٠ی مانگی رابردووەوە ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە و سنوری کۆبانێ یەکێکە لە ئامانجی بۆردومانەکانی ئەو وڵاتە.



