پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەشێک لە کەسوکاری ئاکام عومەر بەڕێککەوتوون بەرەو ئەڵمانیا بۆ ئەوەی تەواوی رێکارە یاساییەکان ئەنجام بدەن و تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە ھەرێم. 

پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، ھەر کاتێک رێکارەکان تەواوبوون، ئەو کاتە بڕیار لە کاتی گەڕانەوەی تەرمەکەی دەدرێت. 

فەرماندە ئاکام عومەر لە رۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ئۆپراسیۆنێکی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بۆ کێوماڵکردن و لەناوبردنی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری ناحیەی زنانە لە سنوری گەرمیان، بەھۆی تەقینەوەی بۆمب بە ئۆتۆمبێلەکەیدا بریندار بوو.

دوای برینداربوونی، ١٠ رۆژ لە نەخۆشخانەی فاروق لە شاری سلێمانی مایەوە، دواتر بە مەبەستی چارەسەر بە فڕۆکە بۆ ئەڵمانیا گواسترایەوە و  دوای نزیکەی دوو مانگیش ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا، بەھۆی سەختی برینەکەی شەھیدبوو.