دەقی پەیامەکە...

ماڵئاوایی ئاکام عومەر، برا، ھاوڕێ و فەرماندەی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان برینێکی گەورەی خستە دڵمانەوە، برینێک کە دڵنیام بەمزووانە ساڕێژ نابێت و لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکاندا قووڵتر دەبێتەوە.

ئەمڕۆ کە ھەواڵی شەھیدبوونی ئەو فەرماندە قارەمانە رادەگەیەنین، ناتوانین بیر لە ھەموو ئەو جەربەزەیی و قارەمانێتییە نەکەینەوە کە لەو برا دڵسۆز و تێکۆشەرەمدا ھەبوو. ئەو لە سەرەتاوە خۆی بە کوردستان و خەڵکەکەی بەخشیبوو، ژیانی ئەو ھەوڵ و قوربانیدانێکی بەردەوامبوو لەپێناو سەرفرازیی کوردستان و ھاوخوێنەکانی. ئەو لەگەڵ خۆی و کوردستاندا راستگۆ بوو، سەرباری ئەوەی چەندین جار لە رووبەڕووبوونەوەکاندا بریندارکرابوو، بەڵام ھێشتا وەک شاخەکانی کوردستان بە پێوە وەستابوو و بەو رۆحییەتە خۆڕاگری و خۆنەویستییەی خۆیەوە دەیویست پارێزەری ژیانی خەڵکەکەی بێت.

گەڕانەوەمان بۆ رابردووی نزیک و جەنگ دژی داعش، ئەو راستییە دەسەلمێنن ئەوەی فەرماندە ئاکام و ھێزە تۆکمەکەی بە دوژمنیان کرد، مێژوو بە شانازییەوە دەینووسێتەوە. یار و نەیار دەیانزانی ئەو ھەڵۆی بەرزەفڕە، چیایەکە لە ورە و داستانێکە نانووسرێتەوە.

باش ئەو راستییە دەزانین ئەو بۆشاییەی فەرماندە ئاکام دروستیکرد بە ئاسانی پڕنابێتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیاین ئەو ھێزەی دروستیکردبوو بەھیچ رەشەبایەک نانووشتێتەوە، ئێستا ئەوان ھەموویان بە ھەمان رۆحییەت و لەپێناو ئەو بەھا باڵایانەی فەرماندەکەیان بەرگری لێدەکرد، مێژوو بە خوێنی خۆیان دەنووسنەوە، کە ئەمەش لوتکەی وەفاداری و قوربانیدانە.

درود و سڵاو بۆ رۆحی فەرماندە ئاکام دەنێرم و بەڵێن بە جوامێرییەکەی دەدەم تاوەکو دوا ھەناسە پێشمەرگەیەکی گیانلەسەردەستی کوردستانەکەم دەبم. گیان و ژیانی خەڵکەکەمان دەپارێزین و رۆحی ئەو برا تێکۆشەرەمان شاد دەکەین.

لە قوڵایی دڵمەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە، ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانی دەکەم و بەڵێنیان پێدەدەم یاد و یادەوەری شەھید ئاکام دەکەینە چرای رێگاکەمان و ئەو خوێنەی بە کوردستانی بەخشی، تۆڵەی دەکەینەوە.


بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان