لە خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ١٢٤ ھاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، دواین ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا ١٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە،کە حەوتیان ژن و ١٥یان منداڵن.
ھەروەھا ٦٥٠٠ ھاووڵاتی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون کە لەو ژمارەیە ١٧٧ کەسیان ژن و ١٤٨ منداڵ و ٧٨یان خوێندکارن.
رێکخراوی ھەنگاو ئاماژەی بەوەشکردوە، خۆپیشاندان ٤٧شارو ٢٧ زانکۆی رۆژھەڵاتی کوردستانی گرتۆتەوەو لە پێکدادانەکانیشدا ٣٦ کەس لە ھێزە ئەمنییەکان کوژراون.
لەلایەکی ترەوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، لە سێ مانگی رابردوودا ٤٤ منداڵ لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان کوژراون، کە تەمەنیان لە نێوان ٩ بۆ ١٨ ساڵدایە و ١٤%ی کۆی گشتی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان پێکدەھێنن.