ئێران لەبارەی ھەوڵێکی ئەمریکا ھۆشداری دەداتە نەتەوەیەکگرتووەکان
ڕێبوار
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
ئەمیر سەعید ئیروانی نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا سەرکەوتوو بێت لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی وڵاتەکەی لە لیژنەی کاروباری ژنان پەیڕەوێکی مەترسیدار لە سیستمی نەتەوەیەکگرتوەکان دەھێنێتە ئاراوەو نیشانەی پرسیار دروست دەکات لەبارەی پەیڕەوی یەکسانی ئەندامان لەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە.
رونیشیکردۆتەوە، لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی و ئابوری نەتەوەیەکگرتوەکان کە ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت گفتوگۆ لەبارەی داواکارییەکی نایاسایی ئەمریکا دەکرێت بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی ئێران لە لیژنەکە و ئەو داواکارییەی ئەمریکا ھەوڵێکی ترە بۆ خراپ بەکارھێنانی سیستمی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مەبەستی سیاسی تایبەت بە خۆی.