دادگایەکی ئێران سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر خوشکەزایەکی خامنەییدا سەپاند
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
محەمەد حسێن ئاغاسی پارێزەری فەریدە مورادخانی خوشکەزای عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، دوای چەندین دانیشتن، دادگای تایبەتی پیاوانی ئاین بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردن بەسەر فەریدە مورادخانیدا، بەڵام دوای قبوڵکردنی داواکارییەکی مورادخانی بۆ پێداچوونەوە بە دۆسییەکەی، سزاکەی کەمرایەوە بۆ سێ ساڵ.
وتیشی، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی مورادخانی کراون، لە دەسەڵات و پسپۆڕی دادگای تایبەتی پیاوانی ئایندا نییە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی بۆ بکات و بڕیاری لەسەر بدات، چونکە ئەو دادگایە تایبەتە بە دادگاییکردنی پیاوانی ئاینیی، بەڵام فەریدە مورادخانی نە پیاوە و نەکەسایەتییەکی ئاینیشە.