گرژییەكانی هۆزی هەركی و هێزە ئەمنیەكانی هەولێر لە گوندی گردە رەشی سنوری قەزای خەبات بەردەوامە و تا ئێستاش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و خورشید هەركیش تا ئێستا دەستگیر نەكراوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە گرژییەكان لەنێوان هێزە ئەمنیەكانی هەولێر و هۆزی هەركی تاڕادەیەك هێور بوونەتەوە، بەڵام تا ئێستاش بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.
باسی لەوەش كرد، هێزە ئەمنیەكان فەرمانی دادگایان پێیە بۆ دەستگیركردنی خورشید هەركی كەسایەتی هۆزی هەركی، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە دەستگیری بكەن و دەیان كەسی هۆزەكەش بە چەكەوە روبەڕووی هێزە ئەمنیەكان بوونەتەوە و رێگەیان نەداوە نزیك ببنەوە.
تا ئێستا لە ئەنجامی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەكانی هەردوولا، حەوت کەس لە ناو هۆزی هەرکی و هێزە ئەمنییەکان بوونەتە قوربانی.
پەیامنێری كوردسات نیوز ئاماژەی بەوەش كرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەفدێكی حزبی سەردانی هۆزەكەیان كردووە لە گوندی گردە رەش و ویستویانە بە رێگەی عەشایەتی كێشەكە چارەسەر بكەن، بەڵام لە بەرامبەردا هۆزی هەركی مەرجی ئەوەیان هەبووە هێزە ئەمنیەكان گوندەكە چۆڵ بكەن و دۆخەكە هێور بكەنەوە.