لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرا و جەخت لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ژاپۆن کرایەوە بەجۆرێک کە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی نێوان ھەردوولا بێت.

ژیانی خەڵک و نەبوونی حوکمڕانییەکی تەندروست لە ھەرێم تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە ھەڵوێستی  یەکێتی کرد و وتی، ئێمە ناتوانین پشتگیری ئەو سیاسەتە ناتەندروستە بکەین کە حکومەت پەیڕەوی دەکات، ھەموو جومگەکان قۆرخکراون و ژیانی خەڵکەکەمان لەبەردەم مەترسیی حکومەتێکدایە کە جیاکاری لەنێوان شارەکاندا دەکات. ھەر بۆیە ئێمە و لایەنە سیاسییە ھاوھەڵوێستەکانی تری ھەرێم دژی دەوەستینەوە و لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست دەدەین.

لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کارنامەی نوێی حکومەتی عیراق کرد و جەختی لە ھەماھەنگی نێوان لایەنەکان کردەوە وەک فاکتەرێکی گرنگ بۆ سەرخستنی بەرنامەی چاکسازی و بەرقەراربوونی سەقامگیری لە وڵاتدا.