بەھۆی قسەکردن بە زمانی کوردی رێگە بە پەرلەمانتارێکی ھەدەپە نەدرا قسە بکات
٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی باکوری کوردستان "ئیمام تاشچر" پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" ھەوڵیدا بە زمانی کوردی لە ناو ھۆڵی پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بکات، بەڵام لەلایەن"حەیدەر ئاکار"جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە ڕێگری لێکرا.
ھەرچەندە"تاشچر"میکرۆفۆنەکەی لێ کوژێنرایەوە، بەڵام لە قسەکردن لە زمانی کوردی بەردەوام بوو، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە بودجەی تورکیا بودجە بۆ کورد تەرخان نەکراوە.
ھاوکات"مێرال دانش بێشتاش"جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە لە بەرامبەر ھەڵوێستی سەرۆکایەتی پەرلەمان رایگەیاند، زمانی کوردی زمانی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کوردی دانیشتووی تورکیایە.
ھەروەھا پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" رایگەیاند، ئەوە بودجەیە رەنجی ملیۆنان کەس دەخاتە خزمەتی دەسەڵاتەوە، جەختی لەوەش کردەوە، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەھەپە ماوەیەکی کەمیان ماوە و کۆتایی دەسەڵاتیان نزیکبووەتەوە و تورکیایان بەرەو مایەپووچبوون بردووە.