رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، ھاووڵاتییەکی خەڵکی کەنگاوەر و دانیشتووی کەرەج کە لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی حەدیس نەجەفی بەتەقەی ھێزە ئەمنییەکان بریندارکرا، ئەمڕۆ سێشەممە بە ھۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.

ھەروەھا ھێزە ئەمنییەکان رۆژی سێشەممە لە گوندی لاین سەر بە شاری کامێران و دوو مێرمنداڵیان رفاندووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە، دوو ھاووڵاتیی خەڵکی گوندی بیاشۆشی سەر بە شاری جوانڕۆش، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراون.

بەوتەی رێکخراوەکە، تا ئێستا چارەنوسی "مەنیژە عەزیری"ھونەرمەندی خەڵکی شاری کرماشان و دیزاینەری جلوبەرگی بواری سینەما نادیارە، کە دوو ھەفتە لەمەوبەر لە بەھەشتی زەھرای شاری تاران لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رفێنرا.

رێکخراوی ھەنگاو باسی لەوەشکردووە، بۆ دووەم رۆژ لە ١٦ شاری رۆژھەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو و تێدا دوکاندار و کاسبکاران دوکان و بازاڕەکانیان داخستووە و پابەندبوون بە مانگرتنی گشتییەوە، بڕیارە سبەینێش بەردەوام بێت.