ئاسایشی راپەڕین: کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ناسکە قادر دەستگیرکرا
٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ژنێک بە ناوی "ناسکە قادر پیرۆت" لە ناحیەی چوارقوڕنە، لە رێکەوتی ١٣ی مانگی رابردوو لە ماڵەوە چووبووە دەرەوە و نەگەڕابووەوە و دیار نەما، دەستبەجێ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ، لەسەر رووداوەکە ھاتە سەرخەت و بە فەرمانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین و دەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکەی راسپاردووە ھەرچی زووە چارەنووسی ئەو ژنە یەکلایی بکەنەوە.
ئاسایشی راپەڕین راشیگەیاند، دوای لێکۆڵینەوە تەرمی ئەو ژنەیان لە ٢٤ی مانگی رابردوو لە نزیک زێی بچووک دۆزیەوە و لەسەر کەیسەکەش چەند کەسێک دەستگیرکراون، کە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان دانیناوە بە تاوانەکەیدا و لە ئێستاشدا راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.