کاروان گەزنەیی دەڵێت، ئەو ڕێکخراوەی کە بەنیازن کارەکانی پێبسپێرن، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بوونی نیە و تەنانەت ماڵپەڕێکیشی نیە، ھیچ پێشینەیەکیشی نیە بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە؛ تەنانەت ناویشی لەو ڕێکخراوانەدا نیە کە لەسەر کەیسی جینۆساید کار دەکەن.

دەقی روونکردنەوەکەی کاروان گەزنەیی: 

بازرگانی بە کۆمەڵکوژی کوردستان ڕابگرن!
ئەم بەھەدەردانە ڕابگرن!
 
بێشک کۆمەڵکوژی ئەنفال و ھەڵەبجە و دواینیشییان شەنگال، ھیچیان کەمتر نییە لە ھۆلکۆست و ڕواندا، بگرە گەورەتریشن، بەڵام خەریکە لەلایەن چەند کەسێکەوە بازرگانی بەم پرسەشەوە بکرێت! 
بە نوسراوی ژمارە (١٩٧) لە ڕێکەوتی (٧-١١-٢٠٢٢) وەزارەتی شەھیدان نوسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ ڕەزامەندی دەربڕین و کارکردن بە شێوەیەی ھەماھەنگی بۆ بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان لەگەڵ  ڕێکخراوێکی بیانی.
ئەنجومەن لە (١٣-٧-٢٠٢٢) وەڵامی ئەرێنی داوەتەوە و ڕەزامەندی دەربڕیوە و بڕێکی زۆری پارەی بۆ تەرخانکردوون بە بێ ئەوەی ھیچ لایەنێکی فەرمی و خاوەن پێگە بوونی ھەبێت لە بابەتەکەدا؛ کۆی نوسراوەکە و وەڵام و کۆبوونەوەشیان لەگەڵ وەزیر لە ماوەی یەک حەفتە بووە، بە بێ ئەوەی ھیچ ڕوون بێت بۆ وەزارەتیش ئەم ڕێکخراوە کێییە- لە کاتێکدا نوسراوەکانی ئەنجومەنی وەزیران چەند مانگییان دەوێت بۆ وەڵام دانەوە! لێرەوە چەند تێبینییەک:
یەکەم: ئەم ڕێکخراوە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بوونی نیە و تەنانەت ماڵپەڕێکیشی نیە.
دووەم: ھیچ پێشینەیەکی نیە بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە؛ تەنانەت ناویشی لەو ڕێکخراوانەدا نیە کە لەسەر کەیسی جینۆساید کار دەکەن.
سێیەم: گومان دەکرێت ئەمە یان سپیکردنەوەی پارە یانیش بەھەدەر دانێکی ڕوون و ڕەوان بێت لە پێناو چەند کەسێکی دەست ڕۆیشتووی گروپێکی دیاریکراو بێت.
چوارەم: ڕۆژانە دەیان ملیۆن دۆلاری ئەم وڵاتە بەھەدەر دەدرێت و دەدزرێت، بەڵام خەریکە ئیتر دەست بۆ پرسە باڵا نیشتیمانییەکانیش دەبردرێت و ھەڕاج دەکرێن و دەفرۆشرێن!
 تێبینی: ڕێکاری پەرلەمانیمان گەرتووەتە بەر، و لە ئەگەری ڕانەگرتنی، دەیکەین بە سکاڵا! 

کاروان گەزنەیی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان