عەمید سەرکەوت ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی سێشەممە دوای ئەوەی ھەواڵدەرێک ئاگاداریکردوونەتەوە ژنێکی تەمەن  ٢٥  ساڵ لەلایەن براکانییەوە لە ماڵی خۆیان زیندانیکراوە و ئەشکەنجە دەدرێت، دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەر تیمەکانیان لە نوسینگەی ڕۆژئاوای بەرێوەبەرایەتی چوونە شوێنکەو توانییان کچەکە رزگاربکەن.

عەمید سەرکەوت ئەحمەد راشیگەیاند، لەسەر سکاڵای ژنەکە بە بڕیاری دادوەر براکانی دەستگیرکران و  پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە. 

ئاشکراشیکرد، ژنەکە لەگەڵ ھاوسەرەکەی کێشەی ھەبووەو لە جیابوونەوەدابوون و پێشتریش چەند جارێکی تر لەلایەن براکانییەوە زیندانی کراوە، دواین جاریش ماوە مانگێک زیندانی بووە لە ماڵی برایەکی.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی باسی لەوەشکرد، ژنەکە دوای رزگارکردنی لە نەخۆشخانە چارەسەری وەرگرتووەو  رادەستی دایک و باوکی کراوەتەوە.