مەزڵوم کۆبانێ:شەڕی ئەمجارە جیاواز دەبێت و تەواوی سنوری تورکیا و سوریا دەگرێتەوە
رێبوار
٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
مەزڵوم کۆبانێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس ئەنجامیدا ئاماژەی بە دوا پەرەسەندنەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد و رایگەیاند، لەدوای تێکشاندنی داعش لە کۆبانێ، رەجەب تەیب ئەردۆغان دژایەتی کۆبانێ دەکات و ئامادەکاری دەکات بۆ ھێرشکردنە سەر کۆبانێ و مەنبەج و تەلڕەفعەت، بەڵام ھێزەکانی سوریای دیموکرات و دانیشتوانی ئەو ناوچانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تورکیا ئامادەن و شەڕی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە شەڕەکانی رابردوو لە بەرئەوەی تەواوی سنوری تورکیا و سوریا دەگرێتەوە.
وتیشی،ئیدارەی واشنتۆن لە رێگەی برێت ماکگۆرگەوە بە رەسمی ئاگاداریان کردووەتەوە کە دژی ھێرشی تورکیایە و لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەنقەرە بۆ راگرتنی ھێرشەکان، کۆبانێ ھەڵوێستی ئەمریکا و روسیای بە باش ناوبرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد ھەڵوێستی بەھێزتری لە دژی تورکیا ھەبێت.
فەرماندەی گشتی ھەسەدە جارێکی تر رەتیکردەوە پەیوەندییان بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵەوە ھەبێت و داوایکرد لیژنەیەکی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە راستییەکان بکات. ئاشکراشیکرد، لە ھێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیا ١٦ شەڕڤان و ١٤ مەدەنی گیانیان لە دەستداوە و ٤٥ شوێنیش لە ژێرخانی ئابوری ناوچەکە کراوەتە ئامانج.