شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ ھەرێمی کوردستان و عێراقی گرتوەتەوە
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
بە ھۆی بارانبارینی بە لێزمە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، لە شەقامەکانی ھەولێر لافاو دروستبوو، بەھۆیەوە لە چەند گەڕەک و شوێنێک ئاستەنگی ھاتووچۆ بۆ ھاووڵاتیان دروستبوو. ھەروەھا بەھۆی لافاو رێگای سەرەکی کەرکوک-شوان داخرا و لە خورماتووش بەھۆی زۆری بارانبارینەوە ئاو چوەتە ناو نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو. ھاوکات لە سەر لووتکەی شاخە بەرزەکانی ھەرێمیش بەفر باری.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ھەرێمیش رایگەیاند، ئەمڕۆ زۆرترین باران لە قەزای خورماتوو باریوە، رۆژی شەممەش ئاسمان بە گشتی ھەوری تەواو دەبێت و لە ناوچە جیاجیاکان ھەورەتریشقە و بارانبارینی مامناوەند و لێزمە بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت، لە سنووری پارێزگای دھۆک و باکووری خۆرھەڵاتی ھەولێر و ناوچە شاخاوییەکان زۆرترین باران دەبارێت.