بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە درەنگانی ئەمشەوەوە لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران دەستپێدەکات و پاشان کاریگەری بارانبارین زیاددەکات.

کەشناسی ھەرێم راشیگەیاندووە، رۆژی ھەینی شەپۆلێکی بارانبارین سەرانسەری ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە و لە سەنتەری پارێزگاکان بارانی بە لێزمە دەبارێت و ھەندێکجار لەکاتی باران بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەبێت، بارانبارینیش تاکو درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.

کەشناسی ھەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینیدەکرێت زۆرترین رێژەی باران لە سنووری پارێزگای ھەولێر و سلێمانی ببارێت و بەفریش لە سەر لووتکەی چیا بەرزەکان ببارێت و پلەکانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکەن.

رۆژی چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، پێشبینیدەکرێت رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی و شەممە بارانی بەخوڕ ببارێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە ھەندێک ناوچەی ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە.