دوای ئەوەی لەچەند مانگی ڕابردوو بەڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق نوسینی کوردی لەسەر مۆڵەتەکانی تەندروستی لە پارێزگای کەرکوک لابرا و تەنیا نوسینی عەرەبی ھێڵدرایەوە، بەڵام دوای گوشاری ھێزە کوردییەکان و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر ئەو پرسە، بە بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق نوسینی زمانی کوردی بۆ سەر مۆڵەتەکان گەڕێنرایەوە.

لە بڕیارەکەی وەزارەتی تەندروستیدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، دەبێت ھەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بنوسرێن بەپێی ناوەڕۆکی دەستوری عێراق و بەپێی یاسای زمانە رەسمییەکان لە عێراق.

لەوبارەیەشەوە "عەلی جەمیل زەنگەنە"بەڕێوەبەری ھۆبەی چاودێری تەندروستی لە کەرکوک بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بڕیارە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەست بکرێتەوە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و گەڕانەوەی زمانی کوردیی بۆ مۆڵەتەکان لە کەرکوک.