شەوی رابردوو دوو خۆپیشاندەری دیکە لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان کوژران
کوردسات نیوز
٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، شەوی رابردوو ھاووڵاتییەک بە تەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی ئێران لە کرماشان کوژراوە، ھەروەھا ھاووڵاتییەکی تری خەڵکی مھابادیش کە بە سەختی بریندار کرابوو، گیانی لەدەستدا.
رێکخراوی ھەنگاو لە نوێترین راپۆرتیشدا سەبارەت بە ئاماری کوژراوان لە شارەکانی رۆژھەڵات بڵاویکردووەتەوە، لە یەک ھەفتەدا ٤٢ ھاووڵاتی کورد لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە کوژراون و زیاتر لە ھەزار و ٢٠٠ کەسیش برینداربوون، ٩٥%ی حاڵەتەکانیش بە تەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی ئێران بووە.
بەپێی ئەو ئامارە، زۆرترین کوژراو لە شاری بۆکان بووە کە ١٢ کەس بوون، لە جوانرۆ ٧ کەس و لە سنە ٧ و لە مھاباد و پیرانشار یەکی چوار کەس کوژراون. ھاوکات لە کامیاران ٢ کەس و لە سەقز ٢ و دیواندەرە ٢ کەس و لە ھەرسەک لە دێولان و بانە یەک کەس کوژراون.