شەوی رابردوو تانکی غازی فڕنێک لە گەڕەکی گرێ باسێ شاری دھۆک تەقییەوە، ئەو باڵەخانەیەی تانکییە غازەکەی تێدا تەقیووەتەوە، قاتەکانی سەرەوەی بەشە ناوخۆیین و ئەو تانکییەشی تەقیووەتەوە لەسەر بانی بەشە ناوخۆییەکان بووە و چەند رۆژێک بووە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکە ھەستیان بە بۆنی غاز کردووە.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەھۆی تەقینەوەکەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە رائید عەلی بەرواری جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی دھۆکەوە و قوربانییەکانی تریش لە دوو پۆلیس و و خوێندکارێک و کرێکارێک پێکھاتوون، ھەروەھا ٣٢ کەسی تریش بریندار بوون، کە بەشێکیان باری تەندروستیان خراپە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.

تەقینەوەکە زیانی بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و خانووی ھاووڵاتیان گەیاندووە، ھاوکات پارێزگاری دھۆکیش بەھۆی رووداوەکەوە دوو رۆژ ماتەمینی گشتیی راگەیاند.