"بافڵ جەلال تاڵەبانی"سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و"ئەلینا رۆمانۆسکی"باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە ماڵی مام لە بەغداد کۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی ھەوڵەکانی حکومەت و ھەنگاوەکانی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی کرا.

ھەروەھا باسی لە گرنگی و پێویستی یەکدەنگی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی ‌حکومەتی نوێ و رایگەیاند، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و چەسپاندنی یاسا لە گرنگترین کارەکانی حکومەتە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداش لەو چوارچێوەیەدایە.

ھاوکات ھەڵوێستی یەکێتی و خراپی رەوشی ھاووڵاتیانی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان روونکردەوە و وتی، حکومەتی ھەرێم مامەڵەیەکی نابەرپرسیارانە لەگەڵ ئەو ناوچانە دەکات و خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدان و ھاووڵاتیان ھەست دەکەن سزادەدرێن.

راشیگەیاند، یەکێتی خۆی بە خاوەنی ئەو ئەزموونە دەزانێت و لە ھیچ ھێز و لایەنێکی قبووڵ ناکات، خەڵکەکەی وەک ھاووڵاتی پلەدوو سەیربکرێت و گەمارۆی سیاسییان بخرێتەسەر، بەڵام بەداخەوە حکومەت بیر لە دەرئەنجامە خراپەکانی ئەو سیاسەتە ناتەندروستە ناکاتەوە، ئەو پەیامەشیان بە نێردەسیاسییەکان و حزبە کوردستانییەکان راگەیاندووە و داوایانکردووە ھەر سیستمێکی جیھانی ھەیە بۆ کۆکردنەوەی داھات بەشێوەیەکی دادگەرانە، لێرە جێبەجێبکرێت تا ھاووڵاتییانی ھەرێم سوودمەندبن.