‏‎لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە کێشەی خوێندن بە زمانی کوردی و راژەی مامۆستایان کرد لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان و رایگەیاند، دەبێت کێشەکانی مامۆستایان چارەسەر بکرێن و خوێندن بە زمانی کوردی لە شاری کەرکوک بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت. بۆ ئەم مەبەستەش داوایانکردووە راژەی مامۆستایان بگوێزرێتەوە بۆسەر وەزارەتی پەروەردەی عیراق و مافە یاساییەکانیان بەدەستبھێنن. کە ئەمەش یەکێک بووە لەو خاڵە گرنگانەی لە کارنامەی حکومەتی نوێ جێگیرکراوە و پرۆژەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.

‏‎کێشەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندن و خوێندکارانی خوێندنگەکان لە ھەرێمی کوردستان یەکێکیتر بوو لە تەوەرەکانی دیدارەکە و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی راگەیاند، ئەوان لە خەمی بەرەوپێشچوونی ئەو کەرتە گرنگەی کۆمەڵگەن و دەبێت گرنگی زیاتری پێبدرێت، کارەکانیشیان لە رابردوودا بۆ خزمەتی خوێندکاران و مامۆستایان دەرخەری ئەو راستییەن. لە کاتێکدا ئەرکی حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانە ژینگەیەکی ئارام و لەبار بۆ خوێندکاران و مامۆستایان بڕەخسێنن و ھەنگاو بە ئاڕاستەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکەدا بنێن.

‏‎لە بەرامبەردا وەزیری پەروەردەی عیراق ستایشی ھەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتی کرد بۆ خزمەتی پەروەردە و پرۆسەی فێرکردن و بەڵێنی دا بەدواداچوون بۆ کێشەکان بکەن و لیژنەیەکی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکبھێنن تاوەکو بتوانن خزمەتی خوێندن بە زمانی کوردی و مامۆستایان بکەن.