پەرلەمانی کوردستان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لە دواین ھێرشی مووشەکی و درۆنی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران  لە شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ ی ١١ ی ٢٠٢٢، بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای ھەولێر و پارێزگای سلێمانی دەڕوانێت و بەتووندی ئیدانەی ئەم ھێرش و پەلامارە بێپاساوانە دەکات. 

پەرلەمانی کوردستان وێڕای جەختکردنەوە لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەل سەرجەم درواسێکان لەسەر بنەمای ڕێزی ھاوبەش و بەرژەوەندیی ھاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری و پابەندبوونی تەواو بە یاسا و ڕێسا نێوەدەوڵەتیێەکان، ھێرش و پەلاماری سەربازی لەھەر لایەکەوە بێت سەرکۆنە دەکەین و پێمان وایە چارەسەر و میکانیزمی سەربازی نەک ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، بەڵکو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتیی ناوچەیی دەخاتە مەترسیی زیاترەوە. 

 پەرلەمانی کوردستان داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات زیاتر بە ئەرکی دەستووریی خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ھەستێت و ھەموو ڕێگایەکی دیپلۆماسی بۆ  ئەو ئامانجە بگرێتە بەر . 

ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەیی و جیھانی و بەرگرتن لە پەرەسەندنی ناسەقامگیری، بە ئەرکی سەر شانیان ھەڵبستن. 
پەرلەمانی کوردستان