خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی رۆژھەڵات تادێت فراوان دەبن
کوردسات نیوز
٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمرۆ خۆپیشاندانی فراوان لە شارەکانی جوانڕۆ ، پیرانشار، بۆکان ، شنۆ ، سنە ، دھگلان ، بانە و مەریوان بەڕێوەچوو، ھێزە ئەمنییەکانیش تەقەی راستەوخۆیان لە خۆپیشاندەران کردوەو لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا، ١٣ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوەو چەندین خۆپیشاندەری تریش برینداربوون.
بەپێی ئاماری رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو ١٣ کەسەی کوژراون، حەوتیان لە شاری جوانرۆ ، چواریان لە پیرانشار ، یەکێک لە دێولان و کەسێکیش لە بۆکان کوژراون. بەھۆی زۆری بریندارەکانیش لە نەخۆشخانەی حەزرەتی رەسوڵ لە جوانرۆ داوای خوێن دەکرێت، ھەروەھا دەیان گەنج لە بەردەم بانکی خوێن لە شاری کرماشان کۆبوونەوەو ئامادەییان پیشاندا خوێن ببەخشنە بریندارانی جوانڕۆ.
دوێنێش لە شارەکانی رۆژھەڵات شەش خۆپیشاندەر بەناوەکانی ( عیرفان کاکەیی، بەھادین وەیسی، جەلال قوربانی، کاروان قادر شوکری، تاھیر عەزیزی و موحسین نیازی) بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران.
بەپێی رێکخراوی ھەنگاو، لە ماوەی چوار رۆژدا ٤٢ خۆپیشاندەر لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون.