دەقی پەیامەکە...
رۆژی شەھیدی یەکێتی، رۆژی کەم ژیان و کەڵ ژیان

تۆماری خەباتی چل وحەوت ساڵەی یەکێتیی و شۆرشی نوێی گەلەکەمان، لەیەکەم شەھیدەوە تا دواشەھید تۆمارێکی پڕ لە شانازی بێ بڕانەوەی یەکێتیە کە نەخشەی سەرتاسەری نیشتمانی گرتۆتەوە.
 کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان

 لەم رۆژەدا بۆ یادی ئەو ھاوخەبات و ھاوسەنگەرانەمان کە لە زیندانەکانی رژێمی بەعسی سەدامیدا بە سەربەرزیی و بەدەم دروشم و سرودەوە چونە بەر پەتی سێدارە، یان لەسەنگەرەکانی بەرگریدا بەوپەڕی جوامێرییەوە سنگیان دایە بەر گولەی دوژمن و گیانیان بەخشی بە وڵات و گەلەکەیان، سەری سوپاسگوزاری و ڕێزگرتن دادەنوێنین .

لە مێژووی پڕ لە خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ھەموو رۆژەکانی ئەم تۆمارە سەربەرزە پڕیەتی لە بیرەوەری شەھید،لە بەخشین و گیانبازیی ڕۆڵە و کەسو کارو  ھاوخەبات و ھاوسەنگەرانمان ،بەڵام کە رۆژێکی وەک ٢١ی تشرینی دووەممان دیاری کردوە بە ترۆپکی شەھادەت یادی لە سێدارەدانی خاڵە شیھاب و ھاوڕێکانێتی، ئەوان لەسەرەتای دامەزراندنەوە وەک پۆلێکی سەرمەشق گیانیان بەخت کردو دروشمی (کەم بژی و کەڵ بژی) یان داھێنا، ئیتر لەو رۆژەوە لەسەنگەری بەرگری لە ناوچە رزگارکراوەکان، لە داستان ونەبەردییەکان، لە زیندانەکان، لە چالاکی و خۆپیشاندانەکانی ناوشارەکان لە ڕاپەڕین و پرۆسەی ئازادی عیراق و لەڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان، سەدان وھەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە چونەتە نێو کەژاوەی شەھادەتەوە و لەم دەفتەری پڕ لەشانازییەداھەمووچین و توێژەکانی کوردەواری دێر و دەربڕین و گوزارشتی گیانبازییان ھەیە.

 کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان 
ئەم یادە پڕ لە شکۆیە دەرفەتێکە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و یەکێتیەکەمان، لەپێناوی ماف و دادپەروەری و دیموکراسی و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە کوردستان و نەھێشتنی سیاسەتی جیاوازی کردن لە خزمەت بە ناوچەکانی کوردستان و ڕاگرتنی تاکڕەویی و خۆسەپێنی بەسەر ئیرادەی خەڵکدا، بۆ ئەوانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو خەباتەی شەھیدەکانمان جۆشدەداتەوە کە لە پێناویاندا گیانی خۆیان بەخشی . 

 ھەر لەم یادەدا لە پای سەنگی یەکێتی بە شانازیکردن، بە شەھیدەکانیەوە، بۆ ھەمیشە بەلێنی بەردەوامیدان بەو کاروانە پڕ لە قوربانیدانە دووپات دەکەینەوە.
بە سەنگی شەھیدانمان سەربەرزین و ھەر بەو سەنگەشەوە پێداگری لەسەر سیاسەتی ڕاست و ڕەوامان دەکەین.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان