لە چەند شارێکی رۆژھەڵاتی کوردستان دەنگی تەقینەوە بیستراوە
کوردسات نیوز
٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارەکانی مەریوان و بانە و سەقز و بۆکان دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە بیستراوە و چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئاسمانی بۆکاندا سوڕاونەتەوە، تا ئێستاش زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.
ھاوکات چالاکوانان نیگەرانن لە رەوشی شاری مھاباد و داوا دەکەن لە شارەکانی ترەوە پشتیوانی بۆ مھاباد رابگەیەندرێت.
لە شاری مەریوانیش ژمارەیەک خۆپیشاندەر شەقامەکانیان داخست و بە کردنەوەی ئاگر رێگەیان گرت لە ھاتنە پێشەوەی ھێزە ئەمنییەکان.
بەپێی میدیاکان، لە خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردوودا گیان لەدەستدان و بریندار ھەبووە، بەپێی ئاماری ناوەندنی مافی مرۆڤی "ھرانا"ش ، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە سەرتاسەری ئێران، گەیشتووەتە لانیکەم ٤٠٢ کەس کە ٥٨یان ژن و منداڵ و کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵن، ١٦ ھەزار و ٨١٣ کەسیش لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون، کە زیاتر لە ٥٢٤یان خوێندکاری زانکۆن.