تورکیا ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر ھەرێم و ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردەوە
کوردسات نیوز
٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا سێ جار دارستانێک و گردی مێشتێنوریان لە نزیک شاری کۆبانێ بۆردومان کرد و لە بۆردومانەکەدا رۆژنامەنووسێک بریندار بووە. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی نوێیان بەناوی (چنگی شمشێر) بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە.
لە ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆ بۆسەر ھەرێمی کوردستان، تورکیا چیای گوندەکانی ئێندزە و زارگەلی و قەڵاتوکان و بناری چیای ئاسۆس و چیای کورتەکی لە بناری قەندیل بۆردومانکرد، ھەروەھا لە سنوری قەزای رواندز لە پارێزگای ھەولێر، ھەریەکە لە چیای دڕەبی لە سنوری ناحیەی وەرتێ و چیای ئاراسن و بێڕەش لە سنوری گوندی گەرەوان لە دۆڵی ئاکۆیان بۆردومانکران.
ھاوکات ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، تورکیا بە ١٤ فڕۆکەی جەنگی ٢٨ ھێرشی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە و ناوچەی نیشتەجێبوونی ھاووڵاتیانی لە سەنتەری شاری کۆبانێ و گرێ سپی و دێرک و شەھبا و زرکان و تەل ڕەفعەت بۆردومان کردووە، لە بۆردومانەکاندا رۆژنامەنووسێک و ٩ شەڕڤانی ھەسەدە و ٦ سەربازی سوریا کوژراون و نزیکەی ٣٠ شەڕڤان و سەربازی سوریا و ھاووڵاتی بریندار بوون.
فەرھاد شامی، وتەبێژی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە رایگەیاند، بۆردومانەکان بە ئاگاداری ناتۆ و ھاوپەیمانی دژی داعش بووە و پێشتر ئەوانی لێ ئاگادار کراوەتەوە.