مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە، ڕایگەیاند، تورکیا لە ھێرشەکانیدا جیاوازی لە نێوان مەدەنی و ھێزی سەربازیدا نەکردوە، ئەو ھێرشانەش ھیچ پەیوەندیان بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵەوە نییە و ساڵێک زیاترە تورکیا ئامادەکارییان بۆ دەکات.

وتیشی، ھەمووان دەزانن ھێزەکانی ھەسەدە و ھیچ ھێز و لایەنێکی کوردی ھەرگیز ھاووڵاتی مەدەنییان نەکردووەتە ئامانج، ئەو تەقینەوەی ئیستەنبوڵیش کراوەتە بیانو بۆ تۆڵەکردنەوە لە گەلی کورد، ئەوەش یاریەکی چەپەڵی تری ھەواڵگری تورکیایە و پەیوەستە بە جموجۆڵەکانی ئەردۆغان پێش ھەڵبژاردنەکانی تورکیا و تەقینەوەکە لە لایەن خودی کەسەکانی سەر بە ڕژێمی تورکیاوە ئەنجامدراوە.

جەختیشیکردەوە، دیارە تورکیا شەڕ دەسەپێنێت، ئەوان شەڕیان ناوێت و بەڵام ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، ئەوا ئامادەی شەڕن و ڕێوشوێنیشیان بۆ گرتوەتەبەر.