شەوی رابردوو سەعات ٧.٣٨ خولەک، لەکاتی چاککردنی سیستمی غازی شۆفاژی خانوویەکی سێ نھۆمی لە گەڕەکی کازیوەی سلێمانی تەقینەوەیەکی بەھێز روویداو بەپێی دواین ئامارەکان تائێستا ١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢ کەسی تریش برینداربوون کە دووانیان لە تیمەکانی فریاگوزارین.

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ٢ لە بریندارەکان باری تەندروستییان ناجێگیرە و ٥ برینداریشیان چارەسەریان وەرگرتووە و نێردراونەتەوە ماڵەوە. ھاوکات لە شەوی رابردوەوە تائێستا تیمەکانی تیمەکانی بەرگری شارستانی و ئاسایش و چالاکییە مەدەنییەکان و شارەوانی و ئامێرەکان و بەرگری فریاکەوتن و پۆلیس و تەندروستی  و ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخش لە ھەوڵی رزگارکردنی ئەو کەسانەدان کە لەژێر داروپەردووی خانووەکەدا ماون و لە دوای رووداوەکەوە تا بەرەبەیانی ئەمرۆ شەش تەرمیان دەرھێناوە ، ھەروەھا پێشنیوەرۆی ئەمرۆ یەکێک لە بریندارەکان کە کوڕێکی تەمەن ١٣ ساڵ بوو بەھۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستدا.

پەیامنێری کوردسات نیوزیش رایگەیاند، تەقینەوەکە لە ماڵی حاجی مەزھەری سیرێ بووە کە ژمارەیەک لە کەسوکارەکەی میوانی بوون و وەستایەکی شۆفاژ لەو کاتەدا سەرقاڵی چاککردنی لێچوونی غازی شۆفاژی خانووەکە بووە. کە بەھۆی تەقینەوەکە  خاوەن ماڵ و وەستاکە گیان لەدەستداوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەوی رابردوەوە بە بەردەوامی  پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەرانی ئاسایش و پۆلیس و بەرگری شارستانی و لێپرسراوی زۆرینەی یەکە خزمەتگوزارییەکان لە شوێنی رووداوەکە و چاودێری ھەوڵە فریاگوزارییەکان دەکەن.