شەوی رابردوو سەعات ٧.٣٨ خولەک، لەکاتی چاککردنی سیستمی غازی شۆفاژی خانوویەکی سێ نھۆمی لە گەڕەکی کازیوەی سلێمانی تەقینەوەیەکی بەھێز روویداو بەپێی دواین ئامارەکان تائێستا ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٣ کەسی تریش برینداربوون کە دووانیان لە تیمەکانی فریاگوزارین.

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، سێ لە بریندارەکان باری تەندروستییان ناجێگیرە و ٥ برینداریشیان چارەسەریان وەرگرتووە و نێردراونەتەوە ماڵەوە. ھاوکات لە شەوی رابردوەوە تائێستا تیمەکانی تیمەکانی بەرگری شارستانی و ئاسایش و چالاکییە مەدەنییەکان و شارەوانی و ئامێرەکان و بەرگری فریاکەوتن و پۆلیس و تەندروستی  و ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخش لە ھەوڵی رزگارکردنی ئەو کەسانەدان کە لەژێر داروپەردووی خانووەکەدا ماون و لە دوای رووداوەکەوە تا بەرەبەیانی ئەمرۆ شەش تەرمیان دەرھێناوە.

پەیامنێری کوردسات نیوزیش رایگەیاند، تەقینەوەکە لە ماڵی حاجی مەزھەری سیرێ بووە کە ژمارەیەک لە کەسوکارەکەی میوانی بوون و وەستایەکی شۆفاژ لەو کاتەدا سەرقاڵی چاککردنی لێچوونی غازی شۆفاژی خانووەکە بووە. کە بەھۆی تەقینەوەکە  خاوەن ماڵ و وەستاکە گیان لەدەستداوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەوی رابردوەوە بە بەردەوامی  پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەرانی ئاسایش و پۆلیس و بەرگری شارستانی و لێپرسراوی زۆرینەی یەکە خزمەتگوزارییەکان لە شوێنی رووداوەکە و چاودێری ھەوڵە فریاگوزارییەکان دەکەن.