ئەمڕۆ لە بۆکان و سنە سێ خۆپیشاندەری تری کورد کوژران
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە شارەکانی بۆکان و سنە، سێ ھاووڵاتی تر بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان کوژراون، لە شەوی رابردووشەوە لانیکەم ١٣ کەس لە شارەکانی سنە و سەقز و کامیاران و بۆکان کوژران، پێنج لە قوربانییەکان لە شاری بۆکان بوون.
رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاند، ھەر ئەمڕۆ لە شاری سنە دوای رێوڕەسمی چلەی چوار قوربانی، خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوەچوو، ھەروەھا لە شاری سەراوڵەی سەربە پارێزگای ئیلامیش بینای دەزگای ھەواڵگری سوتێنرا.
خۆپیشاندانەکان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان دوو مانگی تێپەڕاندووە و بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤ ئێران، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا ٣٤٤ کەس کوژراون، کە ٤٣ منداڵن و ٢٦یان ژنن.