شەوی رابردوو خۆپیشاندانی فراوان لە شاری بۆکان روویدا و خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان روبەروی یەکبوونەوەو، ھێزە ئەمنییەکان جگە لە کوژاندنەوەی کارەبای شارەکە گازی فرمێسکرێژیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکارھێنا. بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی ھەنگاو لە روبەروبوونەوەکاندا ئەفسەرێکی سوپای پاسداران بەناوی رەزا ئەڵماسی کوژراوە.

ھەروەھا ئێوارەی دوینێ لە خۆپیشاندانەکانی شاری کامیاران دوو ھاووڵاتی بە ناوەکانی فوئاد محەمەدی و  سەعید مورادی بە بەتەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراون.

رێکخراوی ھەنگاو بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی شەڕو پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان بنکەیەکی بەسیج لە کامیاران کەوتووەتە دەست خەڵک و ئەندامێکی سوپای پاسداران بەناوی رەزا ئازەربار کوژراوە و دوو ئەندامی تریش برینداربوون.

لە شاری سنەش ھاووڵاتیەکی تر بەناوی عیسا بیگلەری بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژرا، ھەر دوێنێ ھێزە ئەمنییەکان ھێرشیانکردە سەر خوێندکارانی زانکۆی کوردستان و ھەموو رێگاکانی چوون بەرەو زانکۆکەیان داخست.

ھەر شەوی رابردوو لە شارەکان ورمێ و روانسەر و قوروە و جوانڕۆ ھاووڵاتیان خۆپیشاندانیان کرد و لە بڵندگۆی مزگەوتەکانی مھاباد سرودی شۆڕشگێڕی لێدرا.