ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگ لەسەرھەڵوەشانەوەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داھات دەدات
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
بەپێی ئەو کارنامەیەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سێ تەوەر تاوتوێ دەکرێن، کە لە تەوەری یەکەمدا، دەنگدەدرێت لەسەر پەسەندکردنی ھەڵوەشانەوەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی داھات و دیاریکردنی رێکارەکانی کۆکردنەوەی داھات لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی.
لە تەوەری دووەمیشدا، دەنگدەدرێت لەسەر پەسەندکردنی فراوانکردنی گوندی "دارە رەش" سەر بە ناحیەی تانجەڕۆ لە قەزای مەڵبەندی سلێمانی.
تەوەری سێیەمیش تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی ھێنانەکایەی گوندی "بان گامێشان"ی سەربە ناحیەی مەیدان لە ئیدارەی گەرمیان.