لەم ھەفتەیەدا دوایین بڕیار لەبارەی چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ دەدرێت
ئاکار
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
کارۆخ عەبدوڵا نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەم رۆژانەدا ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی ھەرێم و سیراج بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژەی ھەرێم سەبارەت بە مامۆستایانی وانەبێژ کۆدەبنەوە و بڕیار لە مافەکانیان دەدرێت.
روونیشیکردەوە، کۆنووسێک لەبارەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و مافەکانیان ئامادەکراوە و لەو کۆبوونەوەدا یەکلادەکرێتەوە و دواتر ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم دەکرێت.
کارۆخ عەبدوڵا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێدەچێت لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەبارەی دامەزراندنی رێژەیەک لە مامۆستایان بدرێت بەشێوەی گرێبەست و ساڵانەش مامۆستاکانی تر لە شوێنی ئەو مامۆستایانە دابمەزرێن کە خانەنشین دەبن یان بە ھەر ھۆکارێک لە پۆستەکانیان نامێنن.



