بە پێی بەڵگەکان، سەلمان ئەمین نادر، رۆژی ٨/٨/٢٠٢٢ لەلایەن مەڵبەندی دراساتی گشتی یەکێتییەوە بڕیاری دەرکردنی دراوە و سێ رۆژ دوای ئەوەش لە رۆژی ١١/٨ بە ئیمزای سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری "دەرکردنی" ئەژی ئەمین پەسەندکراوە.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، سەلمان ئەمین نادر (ئەژی ئەمین) بە پشتبەستن بە ماددەی (١٢) لە بڕگەی (ھـ)ی سزادان دەرکراوە، کە تێیدا ھۆکاری دەرکردن بە ھەشت خاڵ دیاریکراوە و ھەر ئەندامێک لە ھەر پلەیەکدا بێت ئەو کارانە ئەنجام بدات سزای پەیڕەو دەیگرێتەوە.

ئەمە ھەر ھەشت خاڵەکەی (دەرکردنە) بە پێی پەیڕەوی یەکێتی:
١-لە پەیڕەو و پڕۆگرام لابدات.
 ٢- کار دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان بکات.
٣  -کار دژ بە سیاسەتی (ی.ن.ک) بکات و ھەوڵی تێکدانی ریزەکانی بدات.
٤-  پێگە حزبییەکەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربھێنێت.
٥- بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بخاتە سەرووی بەرژەوەندییەکانی (ی.ن.ک).
٦- درکاندنی نھێنییەکانی (ی.ن.ک)، لە سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندن و ھەرشوێنێکی تردا، کە زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی (ی.ن.ک) بگەیەنێت.
٧- کار دژ بە پاڵێوراوان و بەرنامەی (ی.ن.ک) بکات لە کاتی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن دا.

٨-ھەر ئەندامێک لە ھەر پلەیەکدا بێت و تاوانی بە ئەنقەست یان ئابڕوبەرانەی ئەنجام دابێت و بە بڕیاری دادگا حوکم درابێت.

بە پێی بەڵگەی مەڵبەندی دراسات کە بڕیاری دەرکردنی سەلمانی پێ درەرکراوە و دەڵێت: "دوای بڕینی ھەموو رێکارە پەیڕەوییەکان بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کە ناوبراو پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی کاری کردووە" و بڕیاری دەرکردنەکەش بە ئیمزای سەرۆک بافڵ پەسەندکراوە.

ھەروەھا ئەژی ئەمین بە پێچەوانەی چوار ماددەی پەیڕە و کاریکردووە و بەپێی ئەو ماددانە پێشێلی (١٤) بڕگەی پەیرەوی کردووە لە ماددەکانی(١٢،١١،٩،٨) و مەڵبەندی دیراساتیش ئەو پێشێلکارییانەی سەلمانی دیاریکردووە.