نوسینگەی رەیان کلدانی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، بە دڵێکی باوەڕدار و بە ھەستێکی خەمبار و پەژارەوە ھەواڵیان پێگەیشتوە،  لەبارەی شەھیدبوونی نەقیب زوھێر محەمەد و برینداربوونی ٧ کارمەندی تری ھێزی کۆماندۆ کە لە نێویاندا ئاکام عومەر فەرماندەی ھێزی کۆماندۆ ھەیە، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی تیرۆریستی لە کاتی ئەرکی رەسمیدا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاشماوەکانی داعش.

کلدانی سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خێزانی شەھید نەقیب زوھێر محەمەد کردوە و لە خوای گەورە داواکارە شیفای ئاکام عومەر فەرماندەی ھێزی کۆماندۆ و ھاورێکانی بدات کە لەو پەلامارەتیرۆریستییەدا برینداربوون.

ھەروەھا رەیان کلدانی سەرەخۆشی لە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردوە بۆ ئەو رووداوە ئازاربەخشە، داواشیکرد ھەوڵ و ھەماھەنگییەکان یەکبخرێن و چڕبکرێنەوە تاکو بتوانن رووبەرووی تیرۆر ببنەوە و ئاسایش و سەقامیگیری لە وڵاتەکەیاندا بڵاو بکەنەوە.