لە زۆربەی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان بەردەوامە و شەوی رابردوو لە شارەکانی سنە و سەقز و مھاباد و پیرانشار و تاران و تەبرێز و ئەسفەھان و مەشھەد و زاھیدان، ھاوڵاتیان بە وتنەوەی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) رژانەوە سەر شەقامەکان و لە ھەندێک ناوچەش، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان روویدا، ئەمڕۆش لە سەر بانگھێشتی ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، لە شارەکانی سنە و سەقز و بانە و بۆکان و مھاباد و ورمێ و چەند شارێکی تری رۆژھەڵات، کاسبکاران و دوکانداران، بازاڕ و دوکانەکانیان داخست و مانگرتنی گشتییان راگەیاند.

بەپێی راگەیەنراوێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، لەچوارچێوەی خۆپیشاندانەکاندا لە شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان ٦ مێردمنداڵی کچ و لە شاری گیەلان دوو کەس و لە پارێزگای ئیلامیش، ٤ کەس لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە رفێنراون و چارەنوسیان نادیارە.

لە شاری (سەرپێڵی زەھاو) یش گەنجێکی تەمەن ٣٠ ساڵ بەناوی رامین کەرەمی کە لە خۆپیشاندانەکاندا بە سەختی بریندارببوو، گیانی لەدەستداوە.

کۆمیتەی بەدواداچون بۆ رەوشی دەستگیرکراوانیش رایگەیاند، لە ماوەی ٣٨ رۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێران، ھەزاران کەس و لە ناویشیاندا زیاتر لە ٣٢٠ منداڵ و مێردمنداڵی خوار  ١٨ ساڵ دەستگیر کراون.