شەوی رابردوو لە زۆربەی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپیشاندان بەردەوام بوو و لە شارەکانی سنە و مھاباد و پیرانشار و تاران و تەبرێز و ئەسفەھان و مەشھەد، ھاوڵاتیان رژانە سەر شەقامەکان و دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی)یان وتەوە و لە ھەندێک شوێن و ناوچەش گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان روویدا، ھەڵمەتی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانیش بەردەوامە و رۆژی پێنج شەممە لە خوێندنگەیەکی دواناوەندی لە شاری مھاباد ٢٨ خوێندکاری کچ دەستگیرکران.

بڕیاریشە سبەینێ لە سەر بانگھێشتی ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەبچێت.