سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، نوسراوێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی نادروست لێکدانەوەی بۆ کراوە، کە گوایە شارەوانی سلێمانی کۆمەڵێک ئەندازیاری دەرکرد بێت یان دەستیانپێلەکارکێشابنەوە یان خۆیان دەستیانلەکارکێشابێتەوە.

شارەوانیی سلێمانی راشیگەیاند، ئەو فەرمانبەرانە کە ژمارەیان ٢٠ کەسە رێکارێکی کارگێڕیی ئاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر، بەڵام بەھۆی راگرتنیانەوە لەلایەن دادگاوە، بەپێی یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی بەدەستلەکارکێشاوە دادەنرێن، بۆ ئەوەی بە نەھاتوو ھەژمارنەکرێن یان دەرنەکرێن بەھۆی دەوامنەکردنیان لە ماوەی راگرتنیان لەلایەن دادگاوە.

رۆژی ١٩ی ئەم مانگە نوسراوێکی شارەوانیی سلێمانی بە ئیمزای لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی بڵاوبووەوە، کە ٢٠ فەرمانبەر کە زۆرینەیان پلەکەیان ئەندازیارە بەدەستلەکارکێشاو دانراون، بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز ئەو فەرمانبەرانە بە تۆمەتی تێوەگلان لە مامەڵەی نایاسایی بە زەوییەوە لەلایەن دادگاوە راگیراون و تائێستاش حەوت کەسیان ئازادنەکراون.