‏‎لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەبارەی بەرنامە، ستراتیژی حکومەتی نوێ و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار لە ماوەی یاسایی خۆیدا و ھەنگاونان بەرەو خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتییان.

‏‎لە دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جارێکیتر پیرۆزبایی لە محەمەد شیاع سودانی کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و بەرپرسیارێتییە نوێکەی بۆ خواست. جەختیشی لەھەمان راسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشوو کردەوە و وتی، پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد ئەرکی حکومەتی نوێیە و دەبێت بەیەک چاو سەیری گەلی کورد و ھەموو گەلانی دیکەی عێراق بکرێت. ھیواشی خواست ھەمووان بە یەک تیم لەپێناو بەدیھێنانی بەرژەوەندییە باڵاکان کار بکەن و کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەن.

‏‎لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە دووبارەنەکردنەوەی ئەزموونی حوکمڕانی کرد لە رابردوودا و وتی، ھیوادارم حکومەتی نوێ بە دیدگایەکی نوێوە بەرەوە حوکمڕانییەکی تەندروست ھەنگاوبنێت، ھەڵە و ئەزموونی رابردوو دووبارە نەکاتەوە. کێشە سیاسییەکانی تێکەڵی حوکمڕانی نەکرێت و ھاوڵاتییان نەبنە قوربانی ململانێکان. پێکھێنانی حکومەتیش لەم ساتە ھەستیارەدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و ھەموومان لەپێناو ھەوڵە نیشتمانییەکان پشتیوان دەبین.

‏‎لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سودانی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق ستایشی سەرۆک بافڵی کرد بۆ سەرخستنی ئەم ھەنگاوە نیشتمانییە و وتی، ئەمڕۆ ھاتوومەتە لای برا، ھاوڕێ و بەشدارێکی سەرەکی لە حکومەتی نوێ. سەرۆک بافڵ و یەکێتی ھاوبەشێکی راستگۆی ئێمەن و پێکەوە بەرەو بونیادنانی داھاتوویەکی گەشتر ھەنگاو دەنێین.