"شیروان زرار"وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم لە رونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە کشانەوەی فراکسیۆن و پەرلەمانتار رایگەیاند، ھەر فراکسیۆنێک یاخود ئەندام پەرلەمانێک دەست لەکاردەکێشێتەوە، دەبێت بەنووسراوی رەسمی داواکاری خۆی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات و ڕوونی بکاتەوە، دەیەوێت مووچەو ئیمتیازی پەرلەمانتاری وەربگرێت یان ڕەتی دەکاتەوە.

ھاوکات سەرۆکایەتی پەرلەمانیش نووسراوێک ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژرادن و راپرسی ھەرێم دەکات و داوای ڕیزبەندی دەنگی پاڵێوراوانی ئەو لیستەدەکات کە لە دوای ئەو پەرلەمانتارانەدێن، چەند پاڵێوڕاویان پێویست بێت ئەوەندە دەنگی پاڵێوڕاو پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت، سەرۆکایەتی پەرلەمانیش پرۆسەی متمانەی ئەو پەرلەمانتارانە دەخاتە بەرنامەی کاری خۆی و پاڵێوراو ئاگادار دەکرێتەوە لەدانیشتنی پەرلەمان ئامادەبێت وسووێندی یاسایی بخوات.

ئاماژی بۆ ئەوەشکردوە، ئەگەر ئەو لیستە پاڵێوراوەکانی بەڕیزبەندی ئامادەنەبوون شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان پڕبکەنەوە، یاخود یەدەگی پاڵێوراویان نەبوو ،ئەوکات ھەموو دەنگی ئەو قەوارەیەی لەھەڵبژاردن بەدەستیھێناوە، دابەشی قەوارە براوە بەشداربووەکانی تری ناوپەرلەمان دەکرێت بەپێی ریزبەندی کورسی و دەنگەکانیان.