"بەشدار حەسەن"سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەستگیرکراوانی بادینان لە دوای مانگرتنەکەیان لە زیندان، لە چەندین ماف بێبەش کراون، لە ئێستاشدا وەک ماوەکانی رابردوو رێگە نادرێت پارێزەرەکانیان سەردانیان بکەن، لە ھەفتەیەکدا رۆژێک بۆ بینینایان دانراوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دەستگیرکراوانی شیلادزێ لە ژورێکدا دانراون، کە جێگەی ھەشت کەسی تێدا دەبێتەوە، بەڵام لەو ژورەدا ٢٦ کەسیان داناوە.

وتیشی، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن ماوەی ئازادکردنیان بە مەرج تەواو ببێت و ئازاد بکرێن، ئەگەر ماوەکەیان بۆ درێژ نەکرێتەوە، ئەوا لە داھاتویەکی نزیکدا ئازاد دەکرێن.

سەبارەت بە گواستنەوەیان بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی رایگەیاند، بە رەسمی داوایان کردوە بگوازرێنەوە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی، بەڵام بەرێوەبەری چاکسازی گەورانی ھەولێر داواکەی راگرتوە.