شەوی رابردوو خۆپیشاندان و ناڕەزایی فراوان لەچەند شارێکی رۆژھەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، کە بەھۆیەوە دوو خۆپیشاندەری دیکەی کورد کوژران. 

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو لە ناڕەزایەتییەکانی شاری نایسەری سەربە سنە بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستداوە، بەھەمان شێوە لە کرماشانیش خۆپیشاندارێکی تر گیانی لەدەستداوە.

ھاوکات لە شارەکانی ئیسلام ئاباد و دیواندەرە و بۆکان و ئیلام و سەقز مھابادیش، خەڵک چوونە سەر شەقامەکان و بەھۆیەوە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان دروستبوو و ھێزە ئەمنییەکانیش گازی فرمێسکڕێژیان بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارھێنا.

ھاوکات لە شاری مھابادیش پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران روویدا و بەھۆیەوە پاسدارێک کوژراوە، ھەروەھا لە شاری کرماشانیش سێ پاسداری دیکە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون.

بەپێی دوایین راپۆرتی ھەنگاویش، ژمارەی گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکانی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، گەیشتووەتە ٣٤ کەس و ھەزار و ٥٤١ کەسیش برینداربوون.